هەواڵ 2026-06-29

ڕووداوی بینا سووتاوەکەی سیروان: تراژیدیایەکی لەبیرکراوی جەنگی عێراق و ئێران

ڕووداوی بینا سووتاوەکەی سیروان یەکێکە لە ڕووداوە هەرە تراژیدییەکانی سەردەمی جەنگی عێراق و ئێران. لە ڕێکەوتی ٦ی ئابی ١٩٨٦، بەهۆی تۆپبارانی سوپای ئێرانەوە بۆ سەر سنووری دەشتی شارەزوور، خوێندنگەی سیروانی سەرەتایی لە شارەدێی سیروان کرایە ئامانج. لەو کاتەدا، خوێندنگاکە وەک پەناگەیەک لەلایەن هاوڵاتیانی ناوچەکەوە بۆ خۆپاراستن لە تۆپباران بەکاردەهێنرا. بەهۆی لێدانی تۆپەکەوە، زیاتر لە ٢٠٠ هاوڵاتی لەنێو بیناکەدا بە زیندوویی سووتان و گیانیان لەدەستدا، هەروەها ١٨٠ کەسی دیکەش برینداربوون. زۆرینەی قوربانییەکان پێکهاتبوون لە کەسانی بەساڵاچوو، ژنان و منداڵانی دانیشتووی بەشێک لە گوندەکانی هەورامان و شارەزوور.

وردەکاریی ڕووداوەکە لە زاری شایەتحاڵەکانەوە
بەپێی گێڕانەوەی شایەتحاڵەکان، لە باخچەی خوێندنگەکەدا بڕێکی زۆر لە بەرمیلی سووتەمەنی و نەوتی هاوڵاتیان هەبووە، و لە بەردەم دەرگاکەشدا ئۆتۆمبێلێک وەستابوو. لە کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆ، یەکێک لە تۆپەکان بەر حەوشەی بیناکە دەکەوێت و ئاگر لە بەرمیلە نەوتەکان بەردەدات. گڕی ئاگرەکە بە خێرایی تاوەکوو نهۆمی دووەمی بیناکە بەرز دەبێتەوە و بە یەکجاری هەردوو نهۆمەکە دەگرێتەوە، دواتریش شۆرتی کارەبای خوێندنگەکە دۆخەکە خراپتر و ئاگرەکە بەتینتر دەکات.

دوای چەند خولەکێک، ئۆتۆمبێلەکەی بەردەم دەرگای خوێندنگەکەش ئاگر دەگرێت. ئەو چەند کەسە کەمەی ڕزگاریان بوو، بە سووتاوی و بەناچاری لەژێر ئۆتۆمبێلەکەوە خۆیان دەرباز کرد. هەندێکی تر بە گڕی ئاگرەوە خۆیان بە ئۆتۆمبێلەکەدا دەکێشا و هەر لەوێدا شەهید دەبوون. دیمەنەکان هێندە دڵتەزێن بوون، زۆربەی ئەو کەسانەی لەوێ سووتابوون جەستەیان بەیەکترییەوە لکابوو و لێک جیا نەدەکرانەوە. بەشێک لە ڕزگاربووانیش بۆ دەربازبوون لە نهۆمی دووەمەوە خۆیان هەڵدایە خوارەوە و بەهۆیەوە کەمئەندام بوون.

چیرۆکە خەمناکەکانی ناو کارەساتەکە

  • ئیسماعیل خەیات: کاتێک دەبیستێت شەش کەس لە ئەندامانی خێزانەکەی لەناو بیناکەدان، بەپەلە بۆ ڕزگارکردنیان دەچێتە ناو خوێندنگەکە، بەڵام چارەنووسی ئەویش وەک خێزانەکەی دەبێت و لەگەڵیاندا دەسووتێت.

  • کۆچەر مەولوود: کە لەو کاتەدا منداڵ بووە، دوای ڕووداوەکە بەهۆی هەڵمژینی بڕێکی زۆر دووکەڵەوە دەبوورێتەوە و وادەزانرێت گیانی لەدەستداوە. دوای ئەوەی دەشۆردرێت و کفن دەکرێت و دەبرێتە گۆڕستان، لەوێدا گیانی بەبەردا دێتەوە و دەردەکەوێت کە نەمردووە.

  • دایک و منداڵەکان: لە دوای ڕووداوەکە، تەرمی چەندین دایک و منداڵ پێکەوە بینراون کە لە ئامێزی یەکتریدا سووتاون و بەهیچ شێوەیەک لێک جیا نەکراونەتەوە.

بەجینۆساید نەناساندن و پەراوێزخستنی مۆنیومێنتەکە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، ئەگەر کۆمەڵە مرۆڤێک پێکەوە لە شوێنێکدا بەبێ تاوان پەلامار بدرێن و بکوژرێن، دەچێتە خانەی تاوانی "جینۆساید"ەوە. بەڵام کارەساتی خوێندنگەکەی سیروان تا ئێستا نەخراوەتە لیستی تاوانێکی کۆمەڵکوژییەوە.

لە ڕووی ئاوڕدانەوەشەوە، هەرچەندە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بیناکە کراوە بە مۆنیومێنت و وێنەی شەهیدەکانی تێدا هەڵواسراوە، بەڵام گرنگییەکی ئەوتۆی پێ نەدراوە؛ تەنانەت لەلایەن بەشێک لە خەڵکەوە کراوەتە گەوڕی بەخێوکردنی ئاژەڵ و شوێنی فڕێدانی خاشاک و پاشماوە.

سەرەڕای ئەمەش، ساڵانە لە شارۆچکەی سیروان یادی شەهیدانی ئەم کارەساتە دەکرێتەوە و دەسەڵاتدارانی شارەکە بانگهێشت دەکرێن و مەراسیمی بۆ ڕێکدەخرێت. لە ڕووی بەڵگەنامەییشەوە، لە ساڵی ٢٠١٩دا لەلایەن نووسەر (فریاد هەورامی)یەوە کتێبێک بەناوی "بینا سوتاوەکەی سیروان" بڵاوکرایەوە، کە تەواوی ڕووداوەکانی لەسەر زاری شایەتحاڵەکانەوە دۆکیۆمێنت کردووە.

چالاکیی پەیوەندیدار هەواڵ